پێکەنین، بێزار، بێ ددان (گفتوگۆیەک لە گەڵ چیرۆک‌نووس حەلیم یوسف)
پێکه‌نین، بێ زار، بێ ددان
گفتگۆیه‌ک له گه‌ڵ چیرۆک‌نووسی کورد حه‌لیم یوسف‌دا
وت‌وێژ و وه‌رگێڕان له کرمانجی‌یه‌وه بۆ سۆرانی: عه‌لی ده‌سماڵی
کاک حه‌لیم به ڕای تۆ بۆ چی چیرۆک و نه‌سر له ناو کورددا جێگایه‌کی ئه‌وتۆی نه‌بووه و زۆرتر به شێعر و هه‌ڵبه‌سته‌وه به‌سراوینه‌ته‌وه؟
به ڕای من له ئه‌ده‌بی زاره‌کی کورد دا چیرۆک پله و پایه‌یه‌کی باش و تایبه‌تی هه‌یه. من پێم وایه له به‌ر نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات و یاساغ‌بوونی زمان، ئه‌ده‌بی کوردی له قه‌باره‌ی نووسراوه‌یی‌دا هه‌ڵی نه‌داوه. ئه‌وه هۆکاری یه‌که‌مه. کوردی چیایی و کۆچه‌ر، بوارێکی وای نه‌بووه بۆ ئاواکردنی ژیار و شارستانیه‌ت.هه‌ر بۆیه ئه‌م گه‌له به درێژایی مێژوو گۆرانی و به‌یت و شێعری بووه به‌ڵام نووسراوه‌ی نه‌بووه. من پێم وایه ئێستاش ئه‌و بارودۆخه که‌م یان زیاد وه‌کو جاران ماوه‌ته‌وه. دیاره یه‌که‌م چیرۆکی نویی کوردی له ساڵی 1913 له لایه‌ن فواد ته‌مۆ وه نووسراوه. واتا یه‌ک دوو ساڵی‌تر ته‌مه‌نی چیرۆکی نووژه‌ن له ناو ئێمه‌دا ئه‌گاته سه‌دساڵ. به‌ڵام خه‌ڵکه‌که‌مان هه‌ر حه‌زیان له‌و چیرۆک و حه‌قایه‌ته زاره‌کی‌یانه‌ی پێشووه.
ئێمه زۆرتر به شێعر و هه‌ڵبه‌سته‌وه به‌سراوینه‌ته‌وه. له به‌ر ئه‌وه‌ی که مێژووی نووسین له‌ناو کورددا به شێعر و دیوان نووسینه‌وه بووه. هه‌روه‌ها هۆکارێکی‌تری ئه‌م شته بڕوایه‌کی چه‌وت و هه‌ڵه‌یه که زۆر که‌س وا ده‌زانن نووسینی شێعر و هه‌ڵبه‌ست کارێکی ساده و ئاسان و بێ زه‌حمه‌ته. وه‌ک ده‌زانین، شێعر زۆرتر به‌رهه‌می لایه‌نی هه‌ست و سۆزه نه‌ک ده‌سکه‌وتی تێ‌ڕامان و بیرکردنه‌وه‌و هزراندن. ئێمه‌ی کورد، به‌رده‌وام دڵ و هه‌ستمان باش‌تر له مێشک و هزرمان کاری کردووه! کورد زۆر به که‌می هزر و عه‌قڵی خۆی به‌کار دێنێ. بۆیه له‌ناو ئێمه‌دا په‌خشان یان نه‌سر، هه‌ڵدانێکی وای نه‌بووه.
حه‌لیم! تۆ بۆچی ڕێگای چیرۆک وڕۆمانت هه‌ڵبژارد؟ تۆ منداڵی کوردستانی لای سووریای. تراژێدیای سینه‌مای عاموود له ساری تۆدا بووه. کۆمه‌ڵێک شتی‌ترت بینیوه. هه‌موو بوارێک ئاماده‌ی ئه‌وه بوو تۆ شاعر بیت، به‌ڵام چۆن بووی به نووسه‌ر؟
له عاموود له ته‌مه‌نی شانزه‌ساڵانی من‌دا، له پۆلی ئێمه‌دا به منه‌وه، بیست قوتابی خاوه‌نی به‌هره و هه‌وڵدانی ئه‌ده‌بی بووین.نۆزده که‌سیان شیعریان ده‌نووسی و من به چیرۆکه‌وه خه‌ریک بووم! دیاره ئه‌وانه مه‌شق و به‌رهه‌می سه‌ره‌تایی من بوون. من هه‌ستم ده‌کرد زۆر خه‌یاڵ و خولیام له لایه که به زمانی هه‌ڵبه‌ست ده‌رنابردرێن و ده‌بێ به چیرۆک و په‌خسان بیانهێنمه زمان. من هه‌ستم کرد خاوه‌ن ده‌نگێکی تایبه‌تیم. سه‌ره‌تا ئه‌و ده‌نگمه له چیرۆک‌دا دۆزیه‌وه، دواتریش له جیهانی ڕۆمان‌دا.
باشه کاک حه‌لیم. تۆ بۆچی قسه‌کانت به چیرۆک ده‌رده‌بڕی؟ بۆ ناڕۆیه سه‌ر ته‌پۆڵکه‌یه‌کی به‌رز و هاوار ناکه‌یت؟ بۆچی شتێکی‌تر ناکه‌یت؟ کاکه ئه‌و خولیا و کوڵ و که‌سه‌رانه‌ی تۆ چین که ده‌بێ حه‌تمه‌ن ببن به چیرۆک و ڕۆمان؟
من به‌ش به‌حاڵی خۆم له ناو ژیانی تاکه‌کسی و ڕۆژانه‌ی خۆم‌دا مرۆڤێکی ئارام و که‌م‌دووم. حه‌ز ئه‌که‌م که‌م بڵیم و بێده‌نگ بم و وه‌ک زه‌ریا ئارام بم. ئارام و به‌رفره و له هه‌مان کات‌دا قوڵ و بێ بن. حه‌ز ئه‌که‌م له جیهانی ئه‌ده‌ب و داهێنانیشدا هه‌ر وا بم. من هه‌ر له منداڵێ‌یه‌وه فێر بووم به بێده‌نگی هاوار بکه‌م و به بێ لێو و ددان پێ بکه‌نم و به بێ فرمیسک بگریم. دیاره نووسینی من شێوازێکه له وه‌رگێڕانی ئه‌و هاوار و گریانه ساره‌اوه‌یه که باسیان لێ ده‌که‌م.
ئه‌مه‌وێ به چیرۆک و ڕۆمانی خۆم له ناو سوتماکی ئاگرێکی هه‌زار ساڵه‌دا دیسانه‌وه شت په‌یدا بکه‌م بۆ سووتاندن و دۆزینه‌وه‌ی تین و گه‌رما و درێژه‌دان به ڕێگاکه‌م.من پێم وایه ده‌توانم به‌م شێوه‌یه بۆ ماوه‌یه‌ک، مردن له درگای ماڵه‌که‌م دوور بکه‌مه‌وه. من پێم وایه نووسین و داهێنان شه‌ڕێکی گرانه له به‌رامبه‌ر مردن‌دا. شه‌ڕێکی پڕ له ئێش و ئازار که تیایدا شمشێری په‌یڤ به‌کار دێنی و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌زان که بنکه‌وتن و دۆڕاندن هه‌یه، دیسانه‌وه حه‌زت له‌وه‌یه بڕۆیه مه‌یدان و ئه‌م شه‌ڕه به‌رپا بکه‌یت. به‌ڕاستی ئافراندن و داهێنان زۆر گرنگه. ئافراندنی کار و به‌رهه‌م و بابه‌تی نوێ، فێڵ‌کردن له مه‌رگ و دواخستنی هاتنی ئه‌وه.
کاک حه‌لیم! تۆ ده‌زانی ئێمه وه‌ک نووسه‌رانی وڵاتانی‌تر خاوه‌ن خوێندکاری زۆر نین که به هه‌زاران و به میلیۆنان کتێب و بابه‌تی ئیمه بکرن و بیخوێنن. ئێ. چی بکه‌ین به ڕای تۆ؟ ئه‌م واقیعه له لای تۆ چۆن چۆنی‌یه؟
من پێم وایه ئه‌رکی ئێمه و کاری ئێمه ته‌نیا ئه‌وه‌یه به‌رهه‌می باش و پته‌و بخولقینین. شتی وا بنووسین که به ساڵان تام و بۆن و به‌رامه‌ی بمێنێت و خوێنه‌ر شتی لی وه‌ربگرێت. ئه‌و هه‌موو ساڵانه وا ئه‌م زمانه خزمه‌تی پی نه‌کراوه‌و بێکه‌س و بێ به‌رهه‌م بووه، چه‌ند بست تۆز و غوبار له سه‌ر هه‌موو شتێک نیشتووه. ئێمه ده‌بێ ئه‌و تۆزه لابه‌رین و بنووسین و بنووسین. ده‌بێ بابه‌تی ئێمه بگاته ئه‌و ئاسته وا به‌رهه‌می سه‌رکه‌وتووی نووسه‌رانی چوار لای جیهان به‌وێ گه‌یشتوون. من پێم وایه ئێمه خه‌ریکین له‌ناو مێژوویه‌کی چۆڵ‌دا، به زمانێکی بنده‌ست و یاساغ‌کراو له ناو سیاساڵی چاند و فه‌رهه‌نگ‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌ین به ژیاندنه‌وه‌ی زمان و وێژه، ئێمه نه‌مام ده‌چێنین، شه‌تڵ داده‌نین و ئاودیره ده‌که‌ین و ئاگامان لێ ده‌بێت. زۆر جار ئه‌و هه‌وڵدان و خه‌باته‌ی ءیمه له هه‌وڵدانه‌که‌ی سیزیێف ده‌چێت که ئه‌و به‌رده گه‌وره‌یه‌ی ده‌برده سه‌ر چیا و دیسان به‌رده‌که گلۆر ده‌بووه. نه به‌رده‌که گه‌یشته لوتکه‌ی چیا نه سیزێیف ماندوو بوو. هه‌ر کام له ئێمه ئه‌دیبانی کوردیش وه‌کوو سیزیێفین، نه له‌م بارودۆخی بنده‌ستی و له‌ناو ئه‌م سنووره داگیرکراوانه‌دا ئه‌ده‌بی کوردی گه‌شه ده‌کات نه ئێمه ماندوو ده‌بین. ئه‌م خه‌باته ده‌بێ به‌رده‌وام بێت.
تاوانی ئێمه چی‌یه که خاوه‌نی جه‌ماوه‌ری خێنه‌ری سه‌دهه‌زار و میلیۆنی نین؟ ئه‌مه خه‌ساری کۆمه‌ڵگای ئێمه و هه‌ل و مه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی و سیاسی ئێمه‌یه. نرخ و به‌های ڕۆمانی کوردی هیچ شتێکی که‌متر له‌و ڕۆمانه بیان‌یه نییه وا به میلیۆنان ده‌فرۆشرێت. من ئاستی که‌م و زیادی فرۆستنی کتێب به پێوه‌رێکی دادوه‌رانه نازانم بۆ ده‌س‌نیسان‌کردنی به‌های ئه‌ده‌بیات.
تۆ پله‌وپایه‌ی ڕه‌حمه‌تی محه‌مه‌د ئوزون له چ ئاستێک‌دا ده‌بینی له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا؟
له مێژووی ئه‌ده‌ب‌دا هه‌ندێ نووسه‌رمان هه‌یه که سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تی ئه‌وان زۆرتر باس کراوه تا سه‌باره‌ت به به‌رهه‌مه‌کانیان. محه‌مه‌د ئوزون یه‌کێک له‌و که‌سانه‌یه. هه‌ڵوێست و که‌سایه‌تی و بیرورای گشتی ئه‌و له پێشه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانیه‌وه بوون. دیاره که‌س باسی ڕۆمانی کوردی نه‌ده‌کرد و ئه‌و خاڵی‌بوون و بێده‌نگی‌یه دوو بۆچوونی هه‌ڵه و جه‌وتی هێنایه ئاراوه: یه‌که‌میان ئه‌وه بوو که ئوزون خۆی وه‌ک باوکی هه‌موو سه‌رده‌مانی ڕۆمانی کوردی ده‌ناساند و پاشان نای له یاشار که‌ماڵ ده‌هێنا. میدیای تورک و کوردیش ئه‌م شته‌یان قبوڵ کرد. بۆچوونی هه‌ڵه‌ی تر ئه‌وه بوو که ئوزون که‌سایه‌تی‌یه‌کی سیاسی‌یه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌دبیات‌دا پێوه‌ندی‌یه‌کی ساخته‌و کاتی هه‌یه. من هه‌ر دوو بۆچوونه‌که به هه‌ڵه ده‌زانم. له هه‌مان کات‌دا پیم وایه له هه‌ردوویان‌دا تۆزێک ڕاستی هه‌یه.
محه‌مه‌د ئوزون و به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و و هاونه‌وه‌کانی ئه‌و که له 1980 تا 1995 بڵاو کرانه‌وه، وه‌ک پردێکن له نێوان نه‌وه‌ی عه‌ره‌بی شه‌مۆ و نه‌وه‌ی گه‌نجی دوای 95. ئا له‌م بواره‌دا من پێم وایه که ئوزون ڕۆلی گرنگی بووه به تایبه‌ت له بواری رۆمانی مێژوویی‌دا.
کورد ده‌توانێ ببێته خاوه‌ن به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی زۆر به‌رز له ئاستی مارکێز و ئۆرهان پاموک‌دا؟
سه‌رنج‌ڕاکێشه بۆم که ناوی دوو نوسه‌رت هێنا که هه‌ردوویان خه‌ڵاتی نۆبێلیان وه‌رگرتووه. به‌ڕای من له تورکیادا نووسه‌رمان هه‌یه که له پاموک باش‌تر ده‌نوسیت و نۆبیلیان نه‌داوه‌تێ. هه‌ر به گشتی پێم وا نییه که خه‌ڵاتی نۆبێل سه‌لمێنده‌ری به‌رزبوونی به‌رهه‌م بێت. من پێم وایه خدی به‌رهه‌م ده‌توانێ نرخ و به‌های خۆی ئاشکرا بکات. من پێم وایه ئێمه به‌رهه‌می باشمان هه‌یه له ئاستی نۆبێل‌دا. پێم وایه شتی زۆر باشتریش له داهاتوودا ده‌نووسرێن. به گشتی باسی خه‌ڵات و بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ت باسیکی به‌رفره‌یه‌و له ده‌ره‌وه‌ی به‌ها و نرخه ئه‌ده‌بی‌یه‌کان‌دایه. پێش‌تر نووسه‌رانی گه‌وره‌ی ئێمه له به‌ر یاساغ‌بوونی زمانی کوردی به‌رهه‌می باشیان به عه‌ره‌بی و تورکی و فارسی نووسیوه و له ناو ئه‌و سێ زمانه‌س‌دا به‌ڕاستی سه‌رکه‌وتوون. به‌ڵام له‌م 20 ساڵه‌ی دوایی‌یه‌دا شتی باش به کوردی نووسراوه‌و ڕێگا کراوه‌ته‌وه.
وه‌ک ده‌زانی زۆربه‌ی نووسه‌رانی سۆرانی و کرمانجی یه‌کتر ناناسن. به ڕای تۆ ئه‌مه شتێکی خراپه؟ خه‌ساره یان ئاسایی‌یه؟
وه‌ک ده‌زانین هه‌تا ئێستاش ئێمه خاوه‌نی نووسه‌رێکی نه‌ته‌وه‌یی نین که له لای هه‌موو زاراوه کوردی‌یه‌کانه‌وه بناسرێت و بخوێندرێته‌وه. نووسه‌ر و شاعیره به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌ده‌بی سۆرانی له‌ناو هه‌ریمه کورمانجی‌یه‌کان‌دا نامۆن و که‌س نایانناسێت، دیاره نووسه‌رانی کرمانجیش له‌ناو سۆرانی‌یه‌کان‌دا صه‌ریب و نامۆن. که باسی ئه‌ده‌بیاتی کوردی ده‌کرێت، سۆرانه‌که مه‌به‌ستی ئه‌ده‌بی سۆرانی‌یه و کرمانه‌که‌ش مه‌به‌ستی ئه‌ده‌بی کرمانجی‌یه. دیاره ئه‌مه هۆکاره‌که‌ی به‌ر له هه‌ر شتێک بۆ باسی سیاسه‌ت و سنوور ده‌گه‌ڕێته‌وه، ده‌بێ ئه‌م سنوورانه نه‌مێنن. به‌ڵام ئێستا ئه‌مه وه‌ک خه‌یاڵێکه و ده‌بێ چاره‌سه‌ری‌یه‌کی ڕیئالیستی په‌یدا بکه‌ین. بۆ وێنه ده‌بێ ئه‌ده‌بی کرمانجی بکرێت به سۆرانی و له لایه‌ن بڵاوگه سۆران‌یه‌کانه‌وه بڵاو بکرێنه‌وه‌و هه‌روه‌ها ئه‌ده‌بی سۆرانی بکرێت به کرمانه و هله لایه‌ن وه‌شانخانه کرمانجی‌یه‌کانه‌وه بڵاو بکرێنه‌وه. ئه‌م شته‌ش هه‌م پێویستی به وه‌لاوه‌نانی به‌رچاوته‌نگی و شێئۆنیزمی هه‌رێمی هه‌یه هه‌م پێویستی به پشتگیری ئابووری هه‌یه. دیاره ئه‌و نووسه‌رانه وا وه‌ک جه‌نابت هه‌م سۆرانی و هه‌م کرمانجی ده‌زانن ده‌توانن ده‌وری باش بگێڕن.
تۆ ناته‌وێ فێری زاراوه‌ی سۆرانی ببیت؟
با. حه‌ز ئه‌که‌م فێر ببم. هه‌م بۆ فێربوونی زازاکی هه‌وڵم داوه هه‌م سۆرانی. به‌ڵام سه‌رنه‌که‌وتم. دیاره من عه‌ره‌بی ده‌زانم و ده‌بوایه ئالفابێتی سۆرانی زۆر به‌لامه‌وه زه‌حمه‌ت نه‌بوایه، به‌ڵام ڕاستی‌یه‌که‌ی ئه‌وه‌یه ژیان مه‌جالی ئه‌وه‌ی پی نه‌داوم. هه‌تا له سووریا بووم نه کتێبی سۆرانی ده‌س ده‌که‌وت نه که‌س له‌وێ به سۆرانی قسه‌ی ده‌کرد. ئێستاش له ئا‌ڵمانیا به ناجاری خه‌ریکی فیربوونی زمانی ئاڵمانیم و ئه‌و شته‌ش وه‌ختی زۆرم لی ده‌گرێت. به‌ڵام هه‌تا له‌ده‌ستم بێت هه‌وڵ ئه‌ده‌م ئاگاداری هه‌موو ئاڵ و گۆڕه ئه‌ده‌بی‌یه‌کان بم له هه‌موو زاراوه کوردی‌یه‌کان‌دا.
پڕۆژه‌ی نویی تۆ چی‌یه؟
من له‌م دوایی‌یانه‌دا پڕۆژه‌یه‌کی به‌رفره‌م به‌ده‌سته‌وه بوو بۆ چاپ کردنی کتێبێک سه‌باره‌ت به ڕۆمانی کوردی. مێژووی ڕۆمانی کوردی له سه‌ره‌تاوه تا 2010 زایینی. ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌م وه‌ک کتێبێک له ئامه‌د چاپ کرا. من حه‌زم ئه‌کرد باسی ڕۆمانی کوردی به هه‌موو زاراوه‌یه‌ک بکرێت. من له نووسه‌ری کورد عه‌سکه‌رێ بۆیک یارمه‌تیم وه‌رگرت بۆ باسی ڕۆمانی کوردی له لای کورده‌کانی ڕوسیا، ڕۆشه‌ن له‌زگین بۆ به‌شی ڕۆمانی زازاکی یارمه‌تی دام، ته‌حسین ناڤسکی بۆ به‌شی ڕۆمانی کوردی هه‌رێمی به‌هدینان یارمه‌تی دام، به‌ڵام به‌داخه‌وه بۆ به‌شه سۆرانی‌یه‌که‌ی و ناسینی ڕۆمانی نووسه‌رانی کوردی لای کوردستانی ئێران و سوریا، وێڕای ئه‌وه‌ی داوای یارمه‌تیم له 3 که‌س کرد هیچیان یارماتی پڕۆژه‌که‌یان نه‌دا. هه‌ر بۆیه ئه‌و کتێبه تا ڕاده‌یه‌ک ناته‌واوه. من هه‌روه‌ها له مانگی داهاتوودا کۆمه‌ڵه چیرۆکیکم له ئامه‌د و له بڵاوگه‌ی لیس چاپ ده‌بێت به ناوی ئاوسڵاندربه‌گ. ئاوسڵاندر وسه‌یه‌کی ئاڵمانی‌یه که بۆ که‌سی غه‌ریب و بیانی به‌کاری دێنن. ئه‌و چیرۆکانه‌م سه‌باره‌ت به ژیانی کوردانه له وڵاتانی ئوروپایی‌دا.
گه‌وره‌ترین هیوای ئه‌ده‌بی حه‌لیم یوسف چی‌یه؟
من له بواری ئه‌ده‌بیات و نووسین‌دا خاوه‌ن پڕۆژه‌م. هه‌نگاو به هه‌نگاو، کتێب به کتێب، بابه‌ت به بابه‌ت، هه‌وڵ ئه‌ده‌م پڕۆژه‌یه‌ک ببه‌مه پێشه‌وه. من هیوام ئه‌وه‌یه له ئه‌ده‌بیاتی کوردی‌دا ده‌نگیکی تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆ بم. حه‌ز ئه‌که‌م ئه‌و ده‌نگه وا له منداڵیم‌دا لێم ڕفێندراوه، بدۆزمه‌وه.من به تین و هیوایه‌کی زۆره‌وه له سه‌ر ئه‌م ڕێگایه ده‌ڕۆم. من پێم وایه نووسین و ئافراندن وه‌ک ئاگرێک زۆر به خێرایی و کرمانجی وته‌نی به‌له‌زوبه‌ز، ته‌مه‌نی مرۆڤ و ساڵانی ژیانی مرۆڤ قوت ئه‌ده‌ن. به ڕاستی ته‌مه‌ن کورته بۆ گه‌یشتن به هیوا ئه‌ده‌بی‌یه‌کان. هیوام ئه‌وه‌یه به‌رله‌هاتنی مه‌رگ، قسه‌ی خۆمم کردبێت. ئه‌ده‌بیات، تین و خۆشی به ژیانی مرۆڤ ئه‌به‌خشێت و مه‌رگیش له‌به‌ردرگا، چاوه‌ڕوان وه‌ستاوه. ئه‌ونده‌ی له ده‌ستی من‌دا بێت من پێم خۆشه هاتنی مه‌رگ دوا بکه‌ویت به‌ڵام پێم خۆشه له هاتنی ئه‌ودا له جیاتی باڵنج، کتێبیک له ژێر سه‌رم‌دا بێت.
حه‌لیم له‌خۆبایی‌یه؟ وه‌ک کرمانجی ده‌ڵێ پۆزبلنده یان نا که‌سایه‌تی‌یه‌کی خاکه‌ڕایه؟
له‌و ڕۆژه‌وه خۆمم ناسیوه، به‌رده‌وام حه‌زم کردووه خۆم بم و وه‌ک خۆم بژیم.شتێکی وا له ئارادا نییه که ببێته هۆی ئه‌وه‌ی خۆزلزان و له‌خۆبایی بم. نووسه‌ربوون بۆ من وه‌ک هه‌ناسه‌یه وه‌ک ئۆکیسیژێنه . نووسه‌ربوون و ئه‌ده‌بیات بۆ من هۆکارێکه بۆ به‌رده‌وامی ژیانی من و پێم وایه ئه‌م ڕێگایه، ئه‌م کاره، پێوه‌ندی من و ئینسانه‌کانی دونیای ده‌وروبه‌رم قوڵ‌تر و خۆش‌تر ده‌کات.
تۆ له ته‌له‌ویزیۆن‌دا کارت کردووه، به خه‌باتی میدیا ئاشنای و ئه‌زموونی باشت هه‌یه. به‌ڕاسی تۆ بۆچی میدیای کوردان، به‌هایه‌کی ئه‌وتۆ به ئه‌ده‌بیات و ئه‌دیبان نادات؟
هۆکاره‌که‌ی له یه‌ک شت‌دا ده‌بینم، میدیای کورد له ده‌ستی هێزه سیاسی‌یه‌کان‌دایه.به‌ڕای من ماک و چه‌ندوچۆنی زه‌ین و هزری ئه‌م لایه‌ن و حیزبه سیاسی‌یانه، کۆپی‌یه‌کی سه‌روبن‌کراوی ماک و زه‌ینی هێزه سه‌رده‌ست و داگیرکه‌ره‌کانی کوردستانه.دیاره له‌م بازنه هزری‌یه‌دا یان پله‌وپایه‌یه‌ک بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین نییه، یه‌ن ئه‌گه‌ر ڕێز بگرن ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه که ئه‌ده‌بیات و نووسه‌ران بخه‌نه بن ڕکێف و خزمه‌تی ئامانجه سیاسی و حیزبی‌یه‌کانی خۆیانه‌وه. هه‌ندی جار وه‌کو ئامرازی خه‌مڵاندن و ڕازاندنه‌وه و دێکۆر چاو له ئه‌ده‌بیات ده‌که‌ن، بڕی جاریش وه‌ک دارده‌ست و ئامرازی خۆیان ده‌یبینن. دیره ئه‌م هزره ناتوانێ ئه‌ده‌ب و وێژه و هونه‌ر وه‌ک ئامانج و وه‌ک ڕاستینه‌یه‌کی خاوه‌ن ۆله‌وپایه‌ی تایبه‌تی چاو لێ بکات.ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌یانه‌وی ئه‌ده‌ب له خزمه‌تی شۆڕش‌دا بێت، به‌ڵام ئه‌و ڕاستی‌یه فه‌رامۆش ده‌که‌ن که ئه‌و شۆڕشه وا خزمه‌تی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ناکات، شۆڕشێکی سه‌قه‌ت و ناته‌واو و بێ‌گیانه. له ڕاستی‌دا کورد ئه‌بێ هزره سیاسی‌أیه‌کی بگۆڕدرێ تا بگات به‌و ئاسته که میدیای کوردی به‌ها بدات به ئه‌ده‌ب و وێژه. ئێمه هه‌موان داستایۆفسکی ده‌ناسین به‌ڵام به‌ده‌گمه‌ن که‌س ده‌بینی که ناوی تێزار یان پاشای هاوجه‌رخی ئه‌و نووسه‌ر بزانێت. له وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ت‌دا ئاشکرا ده‌بێت که له نێوان سیاسه‌ت و ئه‌ده‌بیات‌دا کامه‌یان ئه‌توانێ سه‌لمێنه‌ر هه‌بوونی گه‌لان بێت.
کاک حه‌لیم! تا چ ڕاده‌یه‌ک ئاگاداری حاڵ و باڵی ئه‌ده‌بیاتی ئێرانیت؟
به‌داخه‌وه به‌شێوه‌یه‌کی به‌رفره ئاگاداری ئه‌ده‌بی ئێران نیم. دیاره پیاو که زمانه‌که نه‌زانێ، ده‌بی یه‌کسه‌ر ته‌سلیمی شێوازی وه‌رگێڕ بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌دبی وڵاتێکی‌تر بناسێت.به‌رهه‌می نووسه‌رانی فارس زۆر به ده‌گمه‌ن کراون به عه‌ره‌بی و کرمانجی. من سادق هیدایه‌ت ده‌ناسم، به‌رهه‌می ئه‌و بۆ من سه‌رنج‌ڕاکێش بوو.له ئه‌دبیاتی نووسه‌رانی کوردی ئه‌وێ، من زۆرتر به‌رهه‌می شێعری هه‌ژار و هێمن ده‌ناسم و چیرۆکه‌کانی حه‌سه‌ن قزڵجی و هه‌روه‌ها ڕۆمانی پێشمه‌رگه‌ی ڕه‌حیم قازی و چه‌ند که‌سی‌تر.ناوی زۆر شاعیر و نووسه‌ری لای ئێوه‌م بیستووه به‌ڵام به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌وانم نه‌خوێندووه.








کۆمێنته‌کان (0 کۆمێنته‌کانی پێشوو):
کۆمـینت بنوسه