راگەیەندراو، یاد و بیرەوەریی کاک سانێع ژاڵە
راگەیەندراو
یاد و بیرەوەریی کاک سانێع ژاڵە
یەک ساڵ بە سەر گیان لە دەست دانی، هاوڕێ سانێع ژاڵە، خوێندکاری کورد و ئەندامی ئەنجوومەنی قەڵەمی کوردستانی ئێران تێدەپەڕێ. ٢٥ ڕێبەندانی ساڵی ٨٩ جووڵانەوەی سەوزی ئێران و ڕابەڕانی بڕیاریان دا کە بۆ پشتیوانی لە جوڵانەوەی ئازادیخوازی و دیموکراسی لە وڵاتانی عەرەبی، خۆپیشاندانێک لە تاران و شارەکانی تر ڕێک بخەن.
بە هۆی شێوەی مامەڵەی هێزەکانی ئاسایش و سەرکوتی توندوتیژانەی خۆپیشاندانەکانی رابردوو، بڕیار درابوو کە خۆپیشاندانەکە بە شێوەی بێدەنگ و بە دوور لە توندو تیژی بەڕێوە بچێ. هەروەها بە فەرمی داوا لە دەزگاکانی حکومەت کرابوو کە مۆڵەت بە خۆپیشاندانەکە بدرێ. هەر لە سەرەتاوە لە لایەن حکومەتی ئێران و دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە خۆپیشاندانەکە و داواکارییەکە بە دوژمنکارانە و ئاژاوەگێڕی لە قەڵەم دراو و بە هەڕەشە و گوڕەشە بڕیاری سەرکوت کردنیان دا.
ڕۆژی ٢٥ ڕێبەندان، سەرەڕای کەش و هەوای ئەمنیەتی و ترس و هەڕەشەی حکومەت و هێزەکانی سەرکوت، پاش ماوەیەکی زۆر، شەقامەکانی تاران و شارەکانی تری ئێران، یەکگرتوویی و خۆپیشاندانێکی مەزنی توێژە جواروجۆرەکانی خەڵکیان دژ بە سەرکوت و دیکتاتورییەت بە خۆوە بینی. هەر وەک پێش بینی دەکرا، خۆپیشاندانی ئاشتیانەی خەڵک بە توندترین شێوە لە لایەن هێزە ئینتیزامیەکان و بەسیج و سوپاوە سەرکوت کراو و خەڵکی مەدەنی و ناچەکدار، کەوتنە بەر لێدان و گازی فرمێسک هێنەر و سوکایەتی. جگە لەوە تەقە لە خەڵکی بێ دیفاع کرا و وەک جارەکانی تر لە لایەن هێزەکانی سەرکوتەوە بەبێ ئەوەی هیچ توندوتیژیی و خراپکارییەک لە لایەن خەڵکەوە ڕوو بدات، خۆپیشاندەران کەوتنە بەر ڕاوەدوونان و تەقە و لێدان.
بەداخەوە لەم خۆپیشاندانەدا، دوو کەس لە خۆپیشاندەران بە ناوی سانێع ژاڵە و موحەمەد موختاری بە دەستی هێزە ئینتیزامیەکان کوژران و ئەمە بووە هۆی خەم و پەژارەی خەڵکی، بنەماڵەکانیان و دۆست و هاوڕێیانیان. پاش ئەم کارەساتە، لەلایەن دام و دەزگاکان و میدیای حکومەتەوە هەوڵێکی زۆر درا کە ئەو دوو گیان بەختکردووە بە بەسیجی و لایەنگری حکومەت لە قەڵەم بدرێن و پاڵەپەستۆیەکی زۆریان خستە سەر خێزان و کەس و کاریان. بە تایبەت هەوڵێکی بێ بنەماو ناشیرینان دا کە کاک سانێع بە بەسیجی و ئیتلاعاتی لەقەڵەم بدەن و کارتی بەسیجیان بۆ دەرهێنا، بەڵام بە هۆی میدیای ئازاد و وشیاریی خەڵکەوە ئەو هەوڵە ناکام مایەوە و بیروڕای گشتی ئەوەی وەرنەگرت.
کاک سانێع ژاڵە، خوێندکاری بەشی هونەر لە زانکۆی تاران ئەندامی ئەنجومەنی قەڵەم بوو و هاوکاری لەگەڵ ئەنجومەن و سایتی قەڵەم دەکرد.
ئێمە ڕێز دەگرین لە یاد و بیرەوەری کاک سانێع و، هەوڵ و چالاکیەکانی چ لە بواری خوێندن و رۆشنبیری و چ لە بواری سیاسی و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژ بە دۆخی زاڵ بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا بەرز دەنرخێنین و داواکارین و ئاواتەخوازین کە لە دادگایەکی سەربەخۆ و دادوەرانەدا، بکوژانی بە خەڵک بناسێندرێن و سزا بدرێن.
پێویستە بگوترێ تا ئێستە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ڕاستەقینە لە لایەن حکومەتەوە لە سەر هۆکار و چۆنیەتی و بکەرانی ئەو کوشتنەوە نەدراوە.
ئەنجوومەنی قەڵەمی کوردستانی ئێران
١٣/٢/٢٠١٢








کۆمێنتهکان (0 کۆمێنتهکانی پێشوو):
کۆمـینت بنوسه